جیهانی
ڕوونکردنەوەیەک لە ئەردۆگانەوە‌
  03/10/2015
  977
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەبۆنەی کردنەوەی ٢٥ەمین خولی پەرلەمان گوتارێکی بۆ پەرلەمانتاران پێشکەش کرد.

ئەردۆغان رایگەیاند کە ھیچ پارتێک نەیتوانیوە بە تەنھا لە ٧ی حوزەیران حکوومەت پێک بھێنێت و بەم پێیەش ٢٥مین خولی پەرلەمان ماوەیەکی کورتی خایاندووە.

ئەردۆغان لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی یەکی تشرینی دووەم گوتی: "رەنگدانەوەی ئیرادەی گەل لەسەر سندووقەکانی دەنگدان بە تەندروسترین شێوە لە ھەڵبژاردنەکەی ١ی تشرینی دووەمدا، پرسی شەرەف و نامووسی تەواوی پارتەکانی سیاسی ناوە و دەرەوەی پەرلەمانە. ھیوادارم تەواوی پارتەکانی سیاسی ھەڵوێستێکی مرۆیی و ویژدانی بنوێنن و کارێک بکەن بەر بە ھەڕەشەی گڵاوی تیرۆر بھێنن لەسەر سندووقەکانی دەنگدان".

ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند: "ماوەی چوار ساڵە تورکیا دوو ملیۆن ھاووڵاتی سووری و عێراقی داڵدە داوە، جگە لەوەی کە بە ئەرکی ھاوسێیەتی ھەستاوە، شکۆی مرۆڤایەتیشی پاراستووە، گەلی تورکیا وانەیەکی باشی فێری کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە".

 ئەردۆغان لە درێژەدا گوتیشی: "پارتەکانی سیاسی لەبارەی خزمەتکردنی گەل لە پێشبڕکێ دان ھاوکات ئەمە مایەی ناڕەزایی ھیچ کەسێک نییە بەڵام ئەگەر ئەم پێشبڕکێیە ئەنجامەکەی بە زیانی گەل بکەوێتە ئەوە مایەی قبووڵکردن نابێت".

ئەردۆغان راشیگەیاند کە لە ماوەی ساڵی رابردوودا زۆر روودای ئازاربەخش هاتوونەتەئاراوە و بەتایبەتی بارگرژی لە رووداوەکانی سووریا و عێراق زیادی کرد. لە پاڵ ئەمەشدا گوتی: "ئەم رووداوانە بەشێوەیەکی جیاواز لە وڵاتەکەمان کاردانەوەی ھەبووە. پارتێکی سیاسی زۆر بەبێ بەرپرسانە گەنگەشەی بۆ رووداوەکانی ٧-٨ی تشرینی یەکەم کرد و بەم ھۆیەوەش ٥٠ ھاووڵاتیمان گیانی لەدەست دا. من ئەو کاتە گوتەیەکی سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆبامام دووپات کردەوە بەوەی کە گوتبووی لەوانەیە کۆبانێ بکەوێت بەڵام رێکخراوی تیرۆریستی (پەکەکە) ئەم گوتەیەی بۆ بەڕێ لابردنی رووداوەکان بەکاری ھێنا. لەکاتێکدا ئێمە ٢٢٠ ھەزار کەسمان لە شوێنی شەڕ و پێکدادانەکە میوانداری کردبوو، ھەروەھا رێگەمان بە ھێزی پێشمەرگە دا بۆ ئەوەی بە خاکی ئێمە بچێتە سووریا".

سەرکۆماری تورکیا گوتی: "بەدرێژایی ژیانی سیاسی خۆم، بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و پلە و پایە ھەوڵم نەداوە، گەلەکەمان گەورەترین پایەیان پێ بەخشیوم و کردیانمە سەرکۆماری تورکیا. من لەپێناو تورکیایەکی نوێی و گەورەدا ھەوڵ دەدەم کە تێدا ٧٨ ملیۆن کەس پێکەوە بە برایانە بژین".

ئەردۆغان دەڵێت: "بۆ پاراستنی گەل و وڵاتەکەمان بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ھەتا ئەوکاتەی ھەرچی چەک ھەیە دەیخەینە ژێر خاک، چ سیاسەتمەدار بێت یاخود میدیاکار ئەگەر بێت و پاڵپشتی تیرۆر بکات لە تورکیا، دەبێت چاوەڕیی لێپێچینەوە بکات".

ئەردۆغان لە درێژەدا گوتیشی: "لێرەوە دەمەوێت بەتایبەت رووی دەمم بکەمە برایانی کوردم، ھەوڵ دەدرێت کە لەیەک دامان ببڕن، دەیانەوێت بمانکەنە دوژمنی یەکتر کە خۆی لە راستیدا یارییەکە ھەردوو لامان کراوینەتە ئامانج. بۆیە دەڵێم، کوردەکان جیان و تیرۆریستانیش جیان. بیروباوەڕی برایانی کوردم، بەھاکانیان، رەوشتیان، لەگەڵ ئەو رێیەی رێکخراوەکە (پەکەکە) پەیڕەوی دەکات گونجاو نییە. خەباتی ئێمە لە دژی ئەتنیکێک نییە بەڵکو دژی تیرۆر و تیرۆریستانە. برایانی کوردمان گەورەترین زیانیان لە دەستی تیرۆر کردووە".

 سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند کە تورکیا ھەمیشە دەرگای بۆ براکانیان لە سووریا و عێراق کراوەیە.
ئەردۆغان راشیگەیاند کە ئەوان وەک ئەورووپا پەنابەران بەرەو مردن لە دەریای ناوەڕاست بەجێ ناھێڵن و لە وێستگەکانی شەمەندەفەر ئازاریان نادەن. ھاوکات گوتیشی: "ئێمە لەوانەیە تواناکانمان سنووردار بێت بەڵام دڵمان فراوانە و بەم پێیەش بۆ ماوەی پێنج ساڵە میوانداری پەنابەران دەکەین و بەردەوامیش دەبین لەمە".

ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە ئەورووپا بە پێشوازیکردن لە سەدان ھەزار پەنابەر شڵەژاوە لە کاتێدا تورکیا پێشوازی لە ملیۆنان پەنابەر کردووە.

 ئەردۆغان لە کۆتاییدا گوتیشی: "نزیکەی چەند ساڵێکە ئەم کێشەیە خراوەتە پشتی چەند وڵاتێک. ئیتر وڵاتانی ئەورووپاش دەستیان بە رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە کردووە. کێشەکانی سووریا، عێراق، لیبیا، ئەفریقیا بە داخستنی سنوورەکان و پێشگری ئاسایش ناکرێت و پێویستە سەرچاوەی کێشەکان بدۆزرێتەوە".

زیاتر ...
په‌ڕه‌یله‌ 8
ژماره‌ی بابه‌ت