لە هەفتەیەکدا
ستراتیجیەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوین و ستراتیجیەتی دەوڵەتەكانی دەوروپشتی هەرێمی كوردستان و ستراتیجیەتی كورد… هاوكێشە لە نێوان ئەم ستراتیجیانەدا …‌
  25/07/2013
  3422
لەهەفتەیەكدا گۆشەیەكی شیكاری ئاژاتسی هەواڵی گەشەیە لەم هەفتەیەدا بەرێز دكتۆرمحمد بازیانی شیكاری پرسێكی گرنگ دەكات لەژێر ناونیشانی
 ستراتیجیەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوین و ستراتیجیەتی دەوڵەتەكانی دەوروپشتی هەرێمی كوردستان و ستراتیجیەتی كورد… هاوكێشە لە نێوان ئەم ستراتیجیانەدا …

 ئەم بابەتە ساڵی 28/10/2007 لە هۆلی سەنتەری رۆشنبیری زانكۆ لە هەولیر لە كۆرێكدا ووترایەوە, وەك ئەوەیە باسی ئەمرۆ بكەم بۆیە دەشێ‌ بلاوبكرێتەوە وەك بابەتی هەفتە, كە لەم جەند رۆژەی پێشوو لە هەولێر كۆنگرەی نەتەوەی كرا. بۆ زانینی ئەم باروودۆخەی بەسەر ناوچەكەدا تێدەپەڕێ‌ پێویست بەوە دەكات خویندنەوەمان بۆ سێ‌ جۆر ستراتیج هەبێ‌ بۆ ئەوەی توێژینەوەیەكی زانیاریمان هەبێ‌ بۆ ئەم دۆزە ناسكە، بۆ مەنهەجیەتی عیلمی بە چاكمان زانی باسی سێ‌ جۆر ستراتیج بكەین: یەكەم: ستراتیجیەتی ئەمریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین و هێماكانی دروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی: لە توێژینەوەیەكدا كە لە هەفتەی رۆشنبیری (مدی) لە هەولێری پایتەخت لە هوتێلی شیراتۆن لەبەرواری 1/5/2007 وەك توێژینەوەیك لەلایەن ئێمەوە خویندرایەوە، لە ژێر ناونیشانی (الاستراتیجیە اڵامریكیە الجدیدە فی العراق ومعالم تكوین الدولە الكوردیە) ئاماژەمان بەو راستییەدا كە ئەمریكا ستراتیجیەتی لە رۆژهەڵاتی ناوین پارچە پارچەكردنی عیراق و ئیران و سوریا و چەندەها دەوڵەنی ترە، وەبۆ عیراق وا تێدەگەین ببیتە زیاتر لە چوار دەوڵەت دەوڵەتێكی كوردی لە كوردستانی عیراق، دەوڵەتێكی سوننی لە ناوەندی عیراق و دەوڵەتێكی شیعی موقەددەس لە كوفەو نەجەف كە خومسی (پێنجێكی) سەروەت و سامانی شیعەی جیهان لە خۆدەگرێ‌، هەروەها دەوڵەتێكی دەوڵەمەند لە بصرە و عیمارە كە یەدەگێكی یەگجار زۆری نەوتی تێدا دەبێت (نەوتی دورگەی مەجنون) وە دەلكێت بە ئەنجومەنی هاریكاری دەوڵەتانی كەنداو (مجلس التعاون الخلیجی)… بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەمان بەلێدوانەكانی سەرۆك و سیاسەتمەداران وتوێژوەرانی ئەمریكا و هەندێك لە سەنتەرە لێكوڵینەوەكانی ئەمریكی دا هەروەها ئاماژەمان بەتوێژنەوەكەی سیاسەتوان و دبلوماسكاری بەناوبانگی ئەمریكی (بیتر غالبیرت) كرد كە بەم دویانە كیتابێكی دەركرد بەناوی كۆتایی عیراق ( The End of IRAQ) تێدا كە دەڵێت : (چۆن تەماشای ووتەو كارو كردەوەكانی سیاسەتمەداران و سەركردایەتی ئەمریكا دەكەیت ، دەگەیتە ئەو دەرئەنجامە كە عیراق بەرەو دابەشبوون دەچێت، بەڵام تا ئێستا ئاشكرا نەكراوە، تەنها جیاوازیان لە ئیخراج و دەرهێنانەكەی هەیە). دووەم: ستراتیجیەتی دەوڵەتانی دەوروپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان: أ‌- ستراتیجیەتی توركیا: توركیا هەر لەسەردەمی (اتحاد و ترقی)یەوە تاكو كەمالیستەكان تاكو ئەمڕۆش دژ بە دروستبوونی ئەو دەوڵەتە كوردیەن تەنانەت نەك دەوڵەت بەڵكو تەنانەت حوكمە زاتیە كارتۆنیەك.. تەنانەت تاكو هاتنە سەر دەسەڵاتی حیزبی دادو گەشەپێدان تۆزێك وەزعەكە گۆڕا، ئەگینا دانیان بەبوونی كورد نەئەنا وەك میللەتێك بوونی هەیە، بەكورد دەوترا (توركە شاخاویەكان) ب‌- سترایتیجیەتی ئێران: ئێران بەچەشنی توركەكان هەرگیز لەگەڵ دروستبوونی ئەو دەوڵەتەدا نین، چونكە وەك توركەكان مەترسی ئەوەیان هەیە كۆپی ئەوەی كوردستان لە كوردستانی ئێران دووبارە دەبێتەوە، چونكە ئیران لە پرۆژەی ئەمریكادایە بۆ پارچە پارچە بوون و دروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی لە كوردستانی ئێران وە لە داهاتوودا لە كونفدرالیەتێك لەگەڵ كوردستانی عیراقدا یەك دەگرن.. زۆر جار ئاماژە بە سەرۆكی ئەمریكی پێشوو رۆزفلت لە ساڵی 1944دەكەن كە دەڵێت : (دەوڵەتێكی كوردی موحد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی ئەمنی قەومی ئەمریكییە كە گەورەترین ناوچە نەوتی و ئاوی لە خۆ دەگرێت).. ئەوانیش ستراتیجیەتیان وەك توركەكان لەباربردنی ئەم ئەزموونەیە. ت‌- ) ستراتیجیەتی سوریا: سوریاش بەهەمان شێوەی تورك و سیاسەتوانانی جمهوری ئیسلامی ئێران لەگەڵ دروستبوونی ئەم دەوڵەتەدا نین چونكە دەزانن ئەمریكا پرۆژەی گۆڕانی نیزامی سوریان هەیە و هەروەها دەیانەوێ‌ سوریا پارچە پارچە بێت، لەو ناوەندەدا لادەوڵتێكیش بۆ كورد دروست بێت، لەوەش زۆر دەترسن كە ئێستا هێزی كورد و حیزبە سیاسیەكانی كوردستانی سوریا وەك رەوتێكی گەورە ئەو ڕۆڵە دەبینن، بەتایبەت مامۆستا صلاح بدرالدین .. سێەم : ستراتیجیەتی كورد دەتوانین ئەو ستراتیجیەتە بكەینە دوو بەشەوە: أ: ستراتیجیەتی دەسەڵاتی كوردی بە سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان وحكومەت: بەداخەوە ئەم ستراتیجیەتە وەك پێویست نییە، هێماكانی نەتەوەی زۆر روون و ئاشكرا نییە، لە ئاستی ئەو دوو ستراتیجیەتەی سەرەوەدا نین (ستراتیجیەتی ئەمریكا و دەوڵەتەكانی دەورو پشتی كوردستان). ب: ستراتیجیەتی حیزبە كوردستانیەكانی توركیا و سوریا و ئیران.. ئەمانیش بەداخەوە خاوەن ستراتیجیەتێكی روون و ئاشكرا نین، زۆرجار كاری یەكدی زەرەرمەند دەكەن، هەندێكیان نەبێت وەك ئینصاف، ئەگینا ستراتیجیەتی نەتەوەی لەبەر چاو ناگرن.. بۆیە هەموو لایەك زەرەرمەند دەبێت. بۆیە دەبێت كورد وەك دەسەڵات حیزبە كوردستانیەكانی هەر چوار كوردستان دەبێت هەوڵی دروستكردنی ستراتیجیەتێكی تۆكمە بدەن، بەبێ‌ ووروژاندنی دەوڵەتانی توركیا و ئیران و سوریا، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی كوردستان چونكە ئەزموونی هەموو كوردە، هەروەها دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان دەبێت خاوەن ئەو پرۆژە نەتەوییە بێت.

زیاتر ...