چاوپێکەوتن
د.هادی عەلی بۆ گەشە :لایەنە ئیسلامیەكان بۆهەڵبژاردنەكانی داهاتو ڕێژەی كورسیەكانیان زیاد ناكات‌
  11/06/2013
  2841
*ئەگەر لایەنە ئیسلامیەكان بۆهەڵبژاردنەكانی ئایندەی كوردستان  لیستێكی هاوبەشیان پێكبهێنایە دەیانتوانی خزمەتێكی زۆر بە ڕەوتی ئیسلامی بكەن
گەشە:ديدارى محمد نورى
لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتی ئاژانسی هەواڵی(گەشە)بەڕێز (د.هادی عەلی)ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی تیشك دەخاتەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای (دەستور) هەروەها ناوبراو ئاماژە بەوەدەكات: پڕۆژەیاسای (دەستور) یەكێكە لەناكۆكیەكانی نێوان لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، بۆیە پێویستە هەردولایەنی سیاسی لەسەر مێزی گفتوگۆ  بگەنە دەرەنجامێكی گرنگ بۆپەسەندكردنی پڕۆژەیاسای (دەستور)سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی ئایندەی هەرێمی كوردستان و شكستهێنانی لیستی ئیسلامی لەلایەن حیزبە ئیسلامیەكانەوە بەڕێز(د.هادی عەلی)ڕایەیاند:ئەگەر لایەنە ئیسلامیەكان لیستێكی هاوبەشیان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوی كوردستان، پێكبهێنایە دەیانتوانی خزمەتێكی زۆر بە ڕەوتی ئیسلامی بكەن و ڕێژەی كورسیەكانیان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی دەكرد.
گەشە: وەكو دەزانین لەماوەی ڕابردودا هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك گۆڕانكاری سیاسی بەخۆیەوە بینی ئێمە دەمانەوێت لەم چاوپێكەوتنەدا دیدو بۆچونی بەڕێزتان لەمەڕ ڕەوشی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان، بزانین؟
هادی عەلی: بەناوی خوای گەورەو میهرەبان، ماوەیەكە كۆمەڵێك گۆڕانكاری سیاسی ڕویكردوەتە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لەم ئان و ساتەی ئێستادا كە حیزبە كوردستانیەكان خۆیان ئامادە كردووە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئایندەی پەڕلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم، هەروەها لەئێستادا پڕۆژەیاسای دەستور یەكێكە لە ناكۆكیەكانی نێوان لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و پارتی و یەكێتی، بۆیە دەتوانین بڵێین دۆخی هەرێمی كوردستان، بەقەیرانێكی مەترسیدا تێدەپەڕێت. بەڵام بەڕاستی بۆ ئەوەی ئەو دۆخە زیاتر حاڵەتی سلبی بەخۆیەوە نەبینێت، پێویستی گفتوگۆ و دانوستانی نوێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات هەیە بۆئەوەی هەمووان لەسەر مێزی گفتوگۆ كێشە هەنووكەیەكانی هەرێمی كوردستان، چارەسەربكرێت.
گەشە: بەبۆچونی بەڕێزتان، كلیلی چارەسەر چییە بۆ تەنگەژەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان؟ئایا ئەوكێشانە هەروا بەهەڵپەسێندراوی دەمێنێتەوە یاخود هەنگاوێكی جدی هەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی تەندروست، چارەسەركردنی قەیرانەكان بكرێت؟
هادی عەلی: گرنگترین كێشەكان پرسی دەستورە بۆیە پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای دەستور پێویستی بەكۆدەنگی نیشتمانی هەیە پێویستە كۆدەنگی نیشتمانی بۆ فەراهەم بهێنرێت، هەرچەندە ساڵی (2009)بەشێوەیەك لەشێوەكان ئەو كۆدەنگیەی ئامادەكرابوو بەڵام كاتێك نەخرایە ڕاپرسی و ئەم چەندساڵەی بەسەردا تێپەڕی بەڵام ئێستاش پێویستی بەوە هەیە كۆدەنگیەكی بۆ دروستبكرێت، هەرچەندە ئەو كۆدەنگیە ناكرێت! بەڵام هەموولایەنەكان پێداگیری لەسەر ڕاو بۆچونی خۆیان دەكەن بۆیە ئەگەر بەوشێوەیە بن بێگومان ناگەنە نەتیجەیەكی تەندروست، بەڵام پێویستە هەموو لایەنە ناكۆكەكان دەست پێشخەری بۆبكەن بۆئەوەی هەمویان بگەنە چارەسەرێكی مام ناوەند.
گەشە: هەنووكە ناكۆكیەكانی نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەسەر پڕۆژەیاسای دەستورە وەكو دەزانین ماوەیەكە پرسی گێڕانەوە و نەگێڕانەوەی ڕەشنووسی دەستور بۆ پەڕلەمانی كوردستان،لەناوەندە جۆراو جۆرەكاندا وروژاوە هەرچەندە دەسەڵات كەمتەرخەمە لەسەر پەسند كردنی پڕۆژەیاساكە بەبۆچونی بەڕێزتان بۆچی تائێستا ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات نەگەشتونەتە ئەو ئەنجامەی پڕۆژەیاسای دەستور پەسەند بكرێت؟ بەمانایەكی دیكە بۆچی سەرۆكایەتی هەرێم دەیەوێت بەربەست لەسەر پەسەند كردنی پڕۆژەیاسای دەستور دروستبكات؟
هادی عەلی: لەسەر پەسەند كردنی پڕۆژە یاسای دەستور ڕاوبۆچونی جیاواز هەیە سەرۆكایەتی هەرێم پێیان وایە ئەوكۆدەنگیەی وەردەگیرێت، لەنێوان لایەنە سیاسیەكاندا لەپەرلەمانی كوردستاندا  بەزۆرینەی ڕێژە دەنگی بۆدراوە بەڵام دواكەوتووەو نەكراوە لەكاتی خۆیدا بكرێتە ڕاپرسییەوە ئەمە بۆچونی سەرۆكایەتی هەرێمە، هەرچی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن هەیە و تەنانەت بەدەر لە ئۆپۆزسیۆن كە یەكێتی نیشتمان دەكات بۆچونیان وایە دەستور پێویستی بە هەموار كردنەوە هەیە هەموار كردنەوەكەش ئەوە دەخوازێت، جارێكی دیكە بگەڕێتەوە پەڕلەمان هەروەوە پڕۆژە یەكیان بۆ سەرۆكایەتی هەرێم  تەقدیم كردووە چونكە ئۆپۆزسیۆن لەسەر(45)مادە لە مادەكانی دەستوور ڕەخنەو بۆچونیان هەیە بۆیە دەستوور كارێكی ئاسان نییە بخرێتە دەنگدانەوە چونكە بەڕاستی بۆخۆی سەركەوتونابێت، بۆیە پێویستی بە سازان و تەوافوقێك هەیە.
گەشە: كۆمێنتی بەڕێزتان لەمەڕ وتارەكەی سەرۆكی هەرێم چییە كاتێك بەشێوەیەكی جیاواز لەسەر پڕۆژەیاسای دەستور دواوە؟
هادی عەلی: وتارەكەی بارزانی ئاماژەیەكی تێدایە بەسازدان بەبۆچونی من ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێم دەستپێشخەری بكردایە بۆئەوە بەدوای ڕێگە چارەیەكی گرنگدا بگەڕانایە.
گەشە: كەمتەرخەمی لایەنی دەسەڵات لەچی دایە تاهەنووكە نەیتوانیوە كاربكات بۆ پەسەند كردنی پڕۆژەیاسای دەستور؟
هادی عەلی: هەرچندە ساڵی (2009) پڕۆژەیاسای دەستور نەخرایە دەنگدانەوە بۆئەوەی ڕاپرسی لەبارەوە بكرێت،ئەوكاتەش ئاماژە بەوە دەكرا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان نەیانتوانیوە هاوزەمان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەنجام بدرێت، بۆیە نەیانتوانیوە لەوكاتەدا ئەو ڕاپرسیەش بكەن زۆر گرنگ بوو لەدوای هەڵبژاردنەی (25/7) ڕاپرسی لەسەر دەستور بكرایە بەڵام كاتێك نەكراوە بێگومان چەند هۆكارێكی تایبەتی هەیە هەروەها ئێستاش واقیعێكی دیكە هاتوەتە پێشەوە.
گەشە: لەڕوانگەی بەڕێزتانەوە تاچەند گەشبینن بەوەی پڕۆژە یاسای دەستور جێبەجێ بكرێت؟
هادی عەلی: ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا كە كۆدەنگی لەسەر نییە كارێكی ئاسان نییە تەنانەت ئەگەر بكرێتە دەنگدانەوە حاڵەتێكی تەندروست نییە چونكە گرنگ ئەوەیە بەشێوەیەكی گشتی كۆدەنگیەكی نیشتمانی لەلایەن پێكهاتە سیاسیەكانی كوردستانەوە لە سەربێت.
گەشە: بارودخی هەنووكەی حیزبە ئیسلامیەكانی باشوری كوردستان، چۆن دەبینیت؟
هادی عەلی: بەبۆچونی من بارودۆخی لایەنە ئیسلامیەكان بە ئاسایی دەبینم دوو لایەنە ئەساسیەكەیان  یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی تاڕادەیەكی باش سیاسیەتێكی باش پەیڕەوی سیاسەتێكی تەندروست دەكەن دەربارەی بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوانیش لەحكومەتدا پێگەیان هەیە بۆیە لەئێستادا بارودۆخی بزووتنەوەی ئیسلامیەكانی باشوری كوردستان، باش دەبینم.
گەشە: جاریكی دیكە حیزبە ئیسلامیەكانی كوردستان، شكستیان بە دروستكردنی لیستی ئیسلامی هێنا بەبۆچونی بەڕێزتان ئایە ئەم شكستهێنانە بەلیستی ئیسلامی نابێتە نەنگی یەك بۆ لایەنە ئیسلامیەكان؟
هادی عەلی: بەبۆچونی من ئەگەر بۆ هەڵبژاردنەكانی ئایندەی كوردستان، پێكەوە گفتوگۆیان بكرادیە بۆ دامەزراندنی لیستێكی ئیسلامی هاوبەش ئەوا كارێكی  زۆر باشیان دەكرد، بەڵام بۆ خۆیان ڕایانگەیاند: كەناتوانین لیستی ئیسلامی دروستبكەین بۆیە خۆیان لەو كارە بەرپرسن بەڵام ئەگەر لایەنە سیاسیەكان بیان توانیایە هەمویان لیستێكی هاوبەشیان پێكبهێنایە یان بیانتوانیایە لەسەر پڕۆژەیەكی سیاسی هاوبەشەی نیشتمانی كاریان بكردایە پێموایە دەیانتوانی خزمەتێكی زۆر بە ڕەوتی ئیسلامی بكەن.
گەشە: ئەم پەرتەوازە بونەی حیزبە ئیسلامیەكان بۆچی دەگەڕێنیتەوە ئایا ئەمە نابێتە زیان بۆ ڕێزو ناوبانگی بزووتنەوە ئیسلامیەكان بەمانایەكی دیكە ئەگەر لایەنە ئیسلامیەكان لیستێكی سیاسی هاوبەشیان پێكبهێنایە پێتوانیە پێگەی جەماوەریان لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بەهێزدەبو؟
هادی عەلی: بێگومان سەركردایەتی لایەنە ئیسلامیەكان بۆخۆیان ڕاپرسیان كردوە گەشتونەتە ئەو قەناعەتەی بەلیستێكی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەكانی ئایندەی كوردستان بكەن،منیش پێموایە ئەگەر لیستیی هاوبەشیان پێكبهێنایە ئەگەرێكی زۆری هەبو سەركەوتنێكی باڵایان بەدەست بهێنایە ئێمە ئومێدی سەركەوتنیان بۆ دەخوازین چونكە ئێستا ئەوان بەشێكی گرنگی نێو گۆڕەپانی سیاسی ئەم كوردستانەن ئێمە دەبێت هەموومان گەشبینبین بەئایندەی حیزبە ئیسلامیەكان هەروەها ئەم هەڵبژاردنەی داهاتو تاڕادەیەكی زۆر بۆمان دەردەخات، ئایا دەتوانن لەئایندەدا ڕۆڵی كاراتر بگێڕن یاخود بەپێچەوانەوە.پاشان ئەم هەڵبژاردنەی بەڕێوەیە وێستگەیەكی زۆر چارەنووس سازە بەڕێگەی هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستانەوە بەتایبەتی لایەنە ئیسلامیەكان چونكە هەرلایەنێكی ئیسلامی یان عەلمانی ئەگەر بیانەوێت، لەقۆناغی ئایندە ڕۆڵێكی زۆر كاریگەر ببینێت باشتروایە لەم هەڵبژاردنە دەنگێكی وەها بینێت، كەبتوانێت لە چوارچێوەی گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا ڕۆڵێكی كارای هەبێت.
گەشە: ئیسلامیەكانی كوردستان بۆچونیان وایە بۆ ئەم هەڵبژاردنەكانی ئایندەی كوردستان، ڕێژەی كوردسیەكانیان بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات ئایا تۆش هەمان بۆچونت هەیە؟
هادی عەلی: وەكو دەزانین لایەنە ئیسلامیەكان تائێستا خاوەنی لیستێكی هاوبەش نین بۆ هەڵبژاردنەكان بۆیە بەبۆچونی من تەوەقوعی ئەوەناكەم لایەنە ئیسلامیەكان ڕێژەی كورسیەكانیان زیادبكات،چونكە بەكارێكی ئاسانی نازانم ئێمە تەمەنای ئەوەیان بۆدەكەین بتوانن لەم هەڵبژاردنەدا جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی دیكە ڕێژەی كورسیەكانیان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادبكات





زیاتر ...