چاوپێکەوتن
عبدالوهاب علی :كاری ئۆپۆزسیۆن دژایەتی كردنی خانەوادەی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانە‌
  06/07/2013
  2456
بەهیچ شێوەیەك بارزانی داوای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی نەكردوە
كاری ئۆپۆزسیۆن دژایەتی كردنی خانەوادەی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانە
هەركەسێكی سیاسی چانسی دەرچونی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم ئێمەش بە سەرۆكی خۆمانی دەزانین
باشتروایە قادر عەزیز سكرتێری حیزبەكەی خۆی بێت چونكە پۆستی سەرۆكی هەرێم خزمەت بە ناو براو ناكات
گەشە:
عەبدولوەهاب عەلی، ووتەبێژی پارتی دیمكوراتی كوردستان، لە پارێزگای سلێمانی لە دیدارێكی تایبەتی (گەشە)دا، ڕایدەگەیەنێت: هەرلایەنێكی سیاسی كاندیدەكەی چانسی دەرچونی هەبێت، بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم ئێمەش بە سەرۆكی خۆمانی دەزانین، هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد: پارتی زەمینە سازی نەكردوە بۆ درێژكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم و بەهیچ شێوەیەك بارزانی داوای نەكردوە بكرێتەوە بەسەرۆكی هەرێم، هەروەها ووتەبێژەكەی پارتی وەڵامی قادر عەزیز، سكرتێری حیزبی ئایندەی كوردستان، دەداتەوە وەكو خۆی دەڵێت: باشتروایە قادر عەزیز سكرتێری حیزبەكەی خۆی بێت چونكە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم خزمەت بە ناو براو ناكات.
گەشە: دوای ئەوەی مەسعود بارزانی سەردانی دەرەوەی وڵاتی كرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردودا پەڕلەمانی كوردستان، ویلایەتی مەسعود بارزانی بۆ ماوەی دوو ساڵی دیكە درێژكردەوە بەشێكی زۆر لە یاسا ناسان ئەو درێژكردنەوەیە بە كارێكی نایاسای دەزانن ئایا ئێوە تاچەند ئەوەكارەی پەڕلەمان بە كارێكی یاسای دەزانن؟
عەبدولوەهاب عەلی : چەندینجار جەنابی سەرۆكی هەرێم ڕایگەیاندوە: پێویستە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان لەمانگی 9 بەڕێوەبچێت، بۆیە ئێمە هەوڵێكی بنەڕەتی  دەدەین بۆئەوەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، لەكاتی یاسایی خۆیدا بەڕێوەبچێت، هەروەها مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی لە دەیان كۆبونەوە و پرێس كۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا جەختیان لەوە كردوەتەوە پێویستە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت، بۆیە ئێمە وەكو پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئایندە داین لەكاتی یاسایی خۆیدا.
گەشە: تاچەند مەسعود بارزانی ئامادەیی هەیە بۆ جارێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم خۆی كاندید بكاتەوە تاچەند گەشبینی سەرۆكی ئایندەی هەرێمی كوردستان بارزانی دەبێت؟
عەبدولوەهاب عەلی : ئێمە تائێستا باسی ئەوەمان نەكردوە پێویستە بارزانی بكرێتەوە بەسەرۆكی هەرێمی كوردستان، تاهەنووكە نازانین ئایا كاك مەسعود خۆی كاندید دەكاتەوە یاخود بەپێچەوانەوە بەڵام تائێستا خودی سەرۆكی هەرێم بەهیچ شێوەیەك ئاماژەی بەوەنەكردوە تاوەكو خۆی كاندید بكاتەوە منیش وەكو وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئارەزودەكەم سەرۆك بارزانی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم وەربگرێتەوە چونكە جەنابی سەرۆكی هەرێمكەسایەتیەكی كاریزمی و سیاسەتوانێكی پڕۆفیشناڵە هەروەها بارزانی هەموو تەمەنی خۆی لە پێشمەرگایەتی و كوردایەتی بەسەربردوە بۆچونی من وایە جەنابی بەرزانی بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان، زۆر گرنگە چونكی ئێمە لە قۆناغی ئەوەداین بڕۆین بەرەو سەربەخۆی.
گەشە: دەوترێت پارتی پێشوەخت زەمینەسازی كردووە  بۆئەوەی هەرچۆن بووە بارزانی بكرێتەوە بەسەرۆكی هەرێمی كوردستان، تۆچی دەڵێیت؟
عەبدولوەهاب عەلی: بەهیچ شێوەیەك ئێمە وەكو پارتی زەمینە سازی ئەوەمان نەكردوە بارزانی بكرێتەوە بەسەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەپێی ئەو دەستورەی پەڕلەمان بڕیاری لەسەرداوە بێگومان كاك مەسعود جارێكی دیكە بۆی هەیە ویلایەتەكەی بۆنوێ بكرێتەوە بۆئەوەی ماوەی سەرۆكایەتی بۆ تازە بكرێتەوە بەڵام بەومەرجەی جەنابی كاك مەسعود ئامادەبێت، جارێكی دیكە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم كاندید بكاتەوە.
گەشە: بەدیدی تۆ سەرۆكی ئایندەی هەرێمی كوردستان، كێ دەبێت؟
عەبدولوەهاب عەلی: بێگومان پۆستی سەرۆكی هەرێم بەر لیستی زۆرینە دەكەوێت، هەروەها بەپێی ئەو ئامارانەی لای ئێمەیە تاهەنووكە كێرڤی جەماورەی یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەرزبونەوەدایە هەروەها كێرڤی حیزبەكانی دیكە لە دابەزیندایە بۆنمونە هەڵبژاردنەكانی پارێزگای دیالە یان هەڵبژاردنەكانی پارێزگای سەڵاحەدین و موسڵ ئەو هەڵبژاردنانە دەرخستنی ئەوەبون نوێنەرەكانی ئۆپۆزسیۆن شكستیان هێناوە بۆیە ئەو شكستەی ئۆپۆزسیۆن لەو پارێزگایانە دەردەكەوێت، كێرڤی جەماوەری لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان، لەدابەزینی دراماتیكیدایە هەروەها كێرڤی جەماوەری پارتی و یەكێتی لە بەرزبونەوەدایە.
گەشە: بۆئەم قۆناغەی ئێستای كوردستان، لەدوای بارزانی ئەنتەرناتیڤێكی دیكە هەیە بتوانێت، سیاسیەتی هەرێم بە ئاقارێكی باشدا بەرێت؟
عەبدولوەهاب عەلی: بەڵێ‌ لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان، بەدەر لە بەڕێز كاك مەسعود، ئەنتەرناتیڤی دیكە هەیە بەڵام هیچی ناگات بە جەنابی سەرۆك، بەڵام ئەگەر كاك مەسعود خۆی كاندید نەكاتەوە بێگومان پارتی بێ كاندید نابێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم كاندیدەكەشی زۆر بەهێز دەبێت، بەپێی دەنگدانەكان ئێمە پێگەیەكی بتەومان هەیە هەروەها لەگەڵ برایانی یەكێتی ئینتیفاقی ستراتیژی لەنێونمانداهەیە بۆیە ئێمە و یەكێتی هاوهەڵوێستین.
گەشە: بەبۆچونی بەڕێزتان بۆچی تاوەكو كاتی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم لایەنی ئۆپۆزسیۆن كانیدی خۆی ڕانەگەیاند بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم؟
عەبدولوەهاب عەلی: هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بەرئەوەی ئۆپۆزسیۆنێكی تۆكمە و یەكگرتوو لە كوردستاندا بونی نیە بۆچونی من وایە كاری هاوبەشی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن هەڵدەوەشێتەوە چونكە ئەوان لە ڕووی ئایدۆلۆجی و لە ڕووی فیكرەوە تەاو جیاوازن یەكگرتنی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن تەنها بۆ ئەوەیە بتوانن دژایەتی خانەوادەی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن.
گەشە: دوای ئەوەی قادر عەزیز، سكرتێری حیزبی ئایندە خۆی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هێرشی توندی كردە سەر مەسعود بارزانی و ئاماژەی بەوەكرد: بارزانی سەرۆكی ڕاستەقینەی كوردستان نەبوەو تەنها كاری بۆ بەرژەوەندی خۆی كردوە وەڵامی ئێوە چی دەبێت؟
عەبدولوەهاب عەلی: قادر عەزیز، مافی خۆیەتی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام قادر عەزیز هەڵەیەكی گەورەی سیاسی كردوە كاتێك بەرلەوەی دەستبكرێت بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان ئەو لە كەناڵەكانەوە ڕیكلامی سیاسی بۆخۆی دەكرد، بۆیە دەڵێم قادر عەزیز بەهیچ شێوەیەك توانای ئەوەی نیە بەرەنگاری بنەماڵەی بارزانی و خودی سەرۆكی هەرێم بێتوە لێرەوە دەیڵێم زۆر دڵنیام لەوەی قادر عەزیز بەهیچ شێوەیەك دەرناچێت، بەڵام باشتر وایە بەشێوەیەكی هێمن و لەسەرخۆ قسەبكات، بەكارهێنانی زمانێكی زبرو هەراش بۆ هیچ سودێكی بۆ كاك قادر عەزیز نابێت، هەموومان دەزانین تائێستا چەندین جار حیزبەكەی تەفرەقەی تێكەوتوە ئێستاش هەرخۆی و چەند كەسێكی ماونەتەوە بۆیە قادر عەزیز، سەرۆكی حیزبەكەی خۆی بێت باشترە خۆ ئێمە مافی ئەوەمان نیە بڵێن نابێت خۆت كاندیدی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بكەیت، ئەوەمافی ڕەوای خۆیەتی بەَم بەكارهێنانی تەشهیرو قسەی نابەجێ بۆ پڕۆسەی سیاسی و ڕێزو ناوبانگی قادر عەزیز، كارێكی نەنگییە پۆستی سەرۆكی هەرێم خزمەت بەو پڕۆسەیەی قادر عەزیز ناكات.
گەشە: بۆ وێنا ئەگەر نەشیروان مستەفا بكرێت بە سەرۆكی هەرێم ئایا پارتی ئامادەیە هێزی چەكدار و كلیلی سەرۆكایەتی هەرێم ڕادەستی نەوشیروان مستەفا بكات؟
عەبدولوەهاب عەلی: هەركەسێكی سیاسی چانسی دەرچونی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم، ئێمە ملمان لەموو باریكترە بۆی ئێمەش بە سەرۆكی خۆمانی دەزانین.



زیاتر ...